٩ تشرینی دووەم ٢٠١٦ - ٢٢:٣٨
بارزانى پیرۆزبایى لە دۆناڵد ترەمپ کرد

بارزانى پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و ڕایگەیاند، گەلی كوردستان چاوەڕوانی پشتیوانییەكی تەواو لە ترەمپی دەكات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی.

بارزانى پیرۆزبایى لە دۆناڵد ترەمپ کرد


بارزانى پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و ڕایگەیاند، گەلی كوردستان چاوەڕوانی پشتیوانییەكی تەواو لە ترەمپی دەكات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی.

مەسعود بارزانى  کە لە ١٩ ئابى ساڵى ڕابردووەوە بۆچوونى جیاواز لە سەر پۆستى سەرۆکایەتییەکەى دروستبووە لە پەیامێکیدا پیرۆزبایى لە دۆناڵد ترەمپ کرد بەبۆنەى سەرکەوتنى لە هەڵبژاردنەکانى ئەمەریکا و ڕایگەیاند، دەخوازین هاوکارى و پاڵپشتیەکانى ئەمەریکا بۆ گەلى کورد بەردەوام و پتەوتربێت.

لە پەیامەکەدا بارزانى سوپاسى گەل و حکومەتى ئەمەریکاى کردووە لە سەر پاڵپشتیەکانیان بۆ هەرێم  لە شەڕى دژى داعشدا.

ئاماژەى بەوەشکردزوە، گەلى کورد قوربانى زۆرى داوە لە پێناو بەدەستهێنانى مافەکانى و چاوەڕوانى پشتیوانى زیاتر لە سەرۆکى نوێى ئەمەریکا دەکات بۆ بەدەستهێنانى مافە ڕەواکانى.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەى بانگەشەى هەڵبژاردندا، دۆناڵد ترەمپ پاڵێوراوى کۆمارییەکانى ئەمەریکا بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆکایەتیى ئەمەریکا، کەوتە ململانێ لەگەڵ هیلاری کیلنتن پاڵێوراوى دیموکراتەکان بۆ بەدەستهێنانى ئەو پۆستە و لە ئەنجامدا لە هەڵبژاردنى دوێنێ ٨ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦دا سەرکەوتنى بە دەستهێنا.

ئەمڕۆ بە پێى ڕاگەیاندنى دوایین ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمەریکا، ترەمپ بە ٤٥هەمین سەرۆک کۆمارى ئەو وڵاتە ڕاگەیاندرا، کە لە دواى وادەى تەواوبوونى ماوەى سەرۆکایەتیى ئۆبامادا لە چەند مانگى داهاتوودا بە فەرمى وەک سەرۆکى ئەمەریکا دەست بەکار دەبێت.